ئه‌و ژن و كچانه‌ی له‌ژێر ئەشکەنجەو دەست درێژی سێکسی چەکدارانی داعش دوو گیان بوون ، كۆمه‌ڵگای ئێزیدی رێگا پێیان نادەت کەئەو منداڵانەی لە وان پەیدابوون لەگەل خۆیان بهێننەوە ، ئه‌م پرسه‌یه تا ئێستا به‌هه‌ڵواسراوی ماوه‌ته‌وه وهیچ لایەنێک ئاماده نیه چاره‌سه‌ربكات.
عه‌مار عه‌زیز _ دهۆك
(د. ن ) ژنێكی رزگاربووی ده‌ستی داعشه نه‌ی ویست ناوه‌كه‌ی ئاشكرا بكرێت ماوه‌ی سێ ساڵه له ژێردەستی داعش رزگاربووه، ئه‌و باسی له وه‌كرد كه‌كاتێك كه‌وتنه دەستی داعش 5 كه‌س بوون، باوک و سێ خۆشک لەگەڵ برایەک ، تائێستا چارەنووسی باوك وخوشکێکی دیارنیە.
ئه‌و كچه ئێزدییه كه ئێستا ته‌مه‌نی 22 ساڵه و له‌كه‌مپێكی ئاواره‌كانی سنوری پارێزگای دهۆك لەگەڵ دایک و خۆشكێك و برایه‌كی ده‌ژیت، ئاماژه‌ی بەوەی دا ” له نه‌ینه‌وا داعش منی به چه‌كدارێكی خۆیان فرۆشت و منداڵێکم لێی بوو، بۆچه‌ند مانگێگ منداڵه‌كەم به‌خێو كرد ، له 2017 رزگاربووم و منداڵه‌كه‌م لەگەڵ خۆم نه‌هێنا چونكه نه‌مویست منداڵی ئه‌و كه‌سه‌م لا بێت كه‌هه‌موو جۆره سته‌مێكی له‌گه‌ل كردم و به‌بێ خۆاستی خۆم دووگیانی كردم” .
ژنه رزگاربووه‌كه زیاتر ووتی ” دايكم و كه‌س و كاره‌كانی خۆم به منیان ووت نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك منداڵه‌كه له‌گه‌ڵ خۆت بێنی بۆیه منیش بڕیارم دا به ته‌نیا بگه‌رێمه‌وه، ڕاسته منداڵی منیش بوو، به‌ڵام له ده‌ره‌وه‌ی خواستی من بوو ، جار جار بير‌ى منداڵه‌كه ده‌كه‌م به‌ڵام په‌شیمانیش نیم كه به‌ته‌نها گه‌ڕامه‌وه ناو كه‌س و كاری خۆم ”
حه‌نیفه عه‌باس ، چاڵاكوانێكی ئێزیدییه و له‌كاتی هێرشی داعش بۆ سه‌ر شنگال پێنج خۆشك و برایه‌كی كه‌وتنه ده‌ست داعش ، به‌هاوكاری به‌رنامه‌یه‌كی ئه‌ڵمانیا توانیووتی چوار خۆشكی خۆی رزگاربكات، تا ئێستاش خۆشكێكی له ژێر ده‌ستی داعش دایه ووتی” زۆرینه‌ی ئه‌و ژن و كچانه‌ی تا ئێستا رزگارنه‌كراون له‌به‌ر منداڵه‌كانیان نایانه‌وێت بێنه‌وە ناو كه‌س و كارییان چونكه ده‌زانن رێگه به ئه‌وان ناده‌ن منداڵه‌كانیان لەگەڵ خۆیان بهێنن ، زانياريم هه‌یه هه‌ندێك ژن دوو تا سێ منداڵیان له داعش هه‌یه و ته‌مه‌نی منداڵه‌كان له‌نێوان 4 تا شه‌ش ساڵدان”
حه‌نیفه وتیشی ” نزیكه‌ی 200 منداڵ كه دایكیان ئێزیدییه و باوكیان داعشن له رۆژئاوای كوردستان داڵده‌ده‌رێن ، ، ئه‌گه‌ر حکومەتی عێراق و هه‌رێمی كوردستان چاره‌سه‌رێك له‌و منداڵانه بكات بۆ نموونه له عێراق شوێنێكیان بۆ بكاته‌وه و به‌خێویان بکات، ته‌واوی ئه‌و ژن و كچانه‌ی تا ئێستا رزگارنه‌كراون دەگەرێنەوە ناو كه‌س و كارییان ”
“پێش چه‌ند ساڵێک رێكخراوێك له قه‌زای سێمێل سه‌ر به شاری دهۆك سه‌رپه‌رشتی و چاودێری ئه‌و ژنانەیان ده‌كرد كه به منداڵه‌وه ڕزگاركراون تا هیچ كه‌سێك قسه‌ی نه‌شیاویان پێنه‌ڵێت و گیانیان پارێزراو بێت، زۆرینه‌ی ئه‌و ژنانه له‌كاتی شه‌ڕی داعش هه‌موو ئه‌ندامی خێزانه‌كانیان له ده‌ستدا بوو یان بێسه‌ر شوێن ببون، ئێستا سه‌نته‌ره‌كه نه‌ماوه هه‌موویان له‌گه‌ل منداڵه‌كانیان ڕه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی وڵات كراون” حه‌نیفه عه‌باس وای ووت .
حه‌نیفه ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا ” چه‌ندین جار قسه‌م لەگەڵ ئه‌و ژنانه کردووە كه منداڵیان له داعش هه‌یه، به‌من یان ووتوه ناتوانین ده‌ستبه‌رداری منداڵه‌كانی خۆمان بین ، ئه‌ومنداڵانه هیچ گوناهیان نیه ، تاكه‌ی به‌رپرسانی عێراق و وڵاتانی ئه‌وروپی هه‌ر بێ ده‌نگ وبن و ئه‌م پرسه هه‌ستیاره هه‌ر به هه‌ڵواسراوی بمێنێتەوە “.
چه‌كدارانی داعش، له3 ئاب 2014دا ده‌ستیگرت به‌سه‌ر شنگال و دەوروبەری، له زێدی ئێزیدییه‌كاندا 6 هزار و 417 هاوڵاتی به‌دیل گرت، زۆرینه‌یان ژنان بون و وه‌ك كۆیله‌ی جه‌نگ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا كردن.
ژنانی ئێزیدی روبه‌روی ئه‌شكه‌نجه، ده‌ستدرێژی سێكسی و توندوتیژی زۆر بونه‌وه، هه‌ندێكیان هه‌ڵاتن و به‌شێكیان به پاره كڕدرانه‌وه یان رزگاركران،به‌پێی ئامارێكی نۆسینگه‌ی رزگاركردنی رفێنراوانی دهۆك له كۆی 6هزار و 417 رفێنراوی ئیزیدی تا ئێستا 3هزار و543كه‌س رزگاركراوان و زیاتر له 2 هزاركه‌س تا ئێستا چاره‌نوسیان دیارنیه .
ش ڕ، رزگاربوویه‌كی ده‌ستی داعشه ، ئێستا له شنگال لەگەڵ كه‌س و كاره‌كه‌ی دەژیت ووتی ” زياتر له 20 جار چه‌كدارانی داعش كرین و فرشتن به من كردوه و هەموو شتێكی خراپ یان له‌گه‌ڵم ئەنجام داوە”
ژنه رزگاربووه‌كه ووتیشی ” له‌و ماوه‌یه‌ی لای داعش بووم له چه‌كدارێكی خه‌ڵكی شام دوو گیان بووم ، ته‌مه‌نی کۆرپەڵەکە بووه سێ مانگ و له‌به‌رخۆم برد ئه‌وه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌مزانی رۆژێك دێت ده‌گه‌رێمه‌وه لای كه‌س وكاری خۆم و ئه‌وان ئه‌م منداڵه قبووڵ ناكه‌ن كه باوكی داعشه ”
وه‌سفیا موحه‌مه‌د شێخۆ ، ئه‌ندامی ئه‌نجۆمه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌لیژنه‌ی یاسایی ووتی ” ئێمه پرۆژە یاسایەک مان هه‌یه له ئه‌نجۆمه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ناوی پرۆژه‌ی رزگاربووانی ده‌ستی داعش كه هه‌موو پێكهاته‌كان ده‌گرێته‌وه ( ئێزیدی ، توركمان ، شه‌به‌ك ، كريستيانى ) له‌پرۆژه‌كه‌دا هه‌موو مافه‌كانی ئه‌وان و قەرەبووکردنەوەی ئه‌وان له رووی مه‌عنه‌وی و ماددیەوە باس كراوه ،خۆشبەختانەدوای چەندین گڤتۆگۆ وراوێژ لەگەل دەزگا پەیوەندیدارەکان، ئەم یاسایە لە1ی ئاداری ئەمساڵ پەسەندکرا”
” بڕگە وماددەی تایبەت بە چارەسەرکردنی بابەتی منداڵانی داعش بەکۆی دەنگی پەرلەمانتارانی عێراق و لسەرداواکاری میری ئێزدییان و جڤاتی روحانی ئێزیدی لە یاساکەدا لابرا،دوای پەسەندکردنی یاسایەکە پەرلەمان بەدوای جێگرەوەیەکدا دەگەرێت بۆ چارەسەری دۆسیەی ئەو منداڵانە” ، وه‌سفیا موحه‌مه‌د وای ووت.
ئه‌نجومه‌نی باڵای روحانی ئێزیدیی، له 24ی نیسانی 2019دا بڕیاریدا به وه‌رگرتنه‌وه‌ی ته‌واوی ژنان و هاوڵاتیانی رزگاربوی ده‌ستی داعش، به منداڵه‌كانیشیانه‌وه، ئه‌وه‌ش له نوسراوێكدا به واژۆی حازم ته‌حسین سه‌عید، بریكاری ئه‌میر و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی روحانی.
ئه‌و فه‌توایەی ئه‌نجومه‌نه‌كه، ناڕە‌زاییه‌كی فراوانی به‌دوای خۆیدا هێنا له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌ی ئێزیدیدا، به تایبه‌ت له نێو پیاوانی ئایینی پێكهاته‌كه‌دا.
ئه‌نجومه‌نی باڵای روحانی، سی رۆژ دواتر و له 27ی نیساندا، له نوسراوێكدا جه‌ختیكرده‌وه له‌وه‌ی ئه‌وان له فه‌تواكه‌یاندا مه‌به‌ستیان وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌و منداڵانه‌ی چه‌كدارانی داعش نه‌بووه كه له ئه‌نجامی ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر كچان و ژنانی ئێزیدی له دایك بون، به‌ڵكو مه‌به‌ستیان ژنانی ئێزیدیی و ئه‌و منداڵانه‌یه كه له ته‌مه‌نێكی بچوكدا كه‌وتونه‌ته ده‌ست ئه‌و رێكخراوه
هه‌رمان میرزا به‌گ ، جێگری میری ئێزدییان له‌باره‌ی ئه‌م پرسه‌وه ووتی” كێشه‌ی ئه‌و منداڵانه هیچ په‌یوه‌ندی به ئێزدییه‌كانه‌وه نیه چونكه ئه‌و منداڵانه له ده‌ره‌وه‌ی خواست و له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه و دەستدرێژی ژن و كچانی ئێمه هاتوونه‌ته سه‌ردونیا، سه‌ڕه‌رای ئه‌و ئێش و ئازارانه‌ی ملله‌تی ئێمه بینی كێشه‌كه ده‌خه‌نه پاڵ ئێزدییه‌كان ، وڵاتانی رۆژئاوا و رێكخراوه‌كان ناتوانن كێشه‌كه چاره‌سه‌ربكه‌ن ئه‌ی ئێمه چوون چاره‌سه‌ربكه‌ین ”
“ئێمه به زۆڕ هیچ ژن و كچێكی ئێزیدی رزگارناكه‌ین به‌ڵكۆ به‌خواستی خۆیان رزگارده‌كرێن، هه‌ستی ئه‌و ژن و كچانه ده‌زانین چوونه بۆیه ئه‌وان ئازادن له رۆژئاوا بمێننه‌وه یاخۆد بگەرێنەوە ناو كه‌س و كارییان ، له‌هه‌مان كاتدا ژماره‌یه‌ك ژن و كچ منداڵیان له داعش هەبووە به‌ڵام ئێستا له‌ناو كه‌س و كاری خۆیان ده‌ژین وده‌ڵێن ئه‌و منداڵانه نامانەوێت ” هەرمان میرزا بەگ وای وت
له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێزیدییدا، ئایین رۆڵێكی به‌رچاوی هه‌یە له یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی رفێنراوانی لای داعش، وه‌ك ئه‌و فه‌توایه‌ی داوایكرد ژنانی رزگاربوو قبوڵبكرێنه‌وه، هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكرد خێزانه‌كانیان نه‌ك رازی بون به‌ڵكو رێزیشیان لێگرتن
شه‌مۆ قاسم ، لێپرسراوی بنكه‌ی روشه‌نبیری و كۆمه‌ڵایه‌تی لالش له شاری دهۆك ووتی” كۆمه‌ڵێك تێكستی ئایینی و كۆمه‌ڵایه‌تی مان هه‌یه كه باس له‌وه ده‌كه‌ن جگه له منداڵانی دایك و باوك ئێزیدی هیچ منداڵێكی تر وه‌رناگرین، وه‌رگرتنی منداڵه‌كانی داعش دژی بنه‌مایه‌كانی ئایینی ئێزیدییه، ئێمه بانگێشتی هیچ كه‌س ناكه‌ین بێته ناو ئایینه‌كه‌مان و هیچ كه‌سێك له ئایینی تر وه‌رناگرین و رێ به گۆڕینی ئاینییش ناده‌ین” .
شه‌مۆ قاسم وتیشی “گه‌وره‌ترین كێشه‌ی منداڵانی نه‌وه‌ی داعش له ژنانی ئێزیدی ئه‌وه‌یه كه ئه‌و منداڵانه لسه‌ر ناوێ كێ تۆماربكرێن، له‌یاسای عێراقدا لسه‌رناوی باوك تۆمارده‌كرێن وئایە ناوی ئایینه‌كه چی بنوسرێت؟ ، دايك ئێزیدی یه و كه‌س نازانێت باوك لسه‌ر چ ئایینێكه ، ئه‌گه‌ر به‌پیێ یاسای عێراق تۆماربكرێن ئه‌و منداڵه دەبنە میراتگری خێزانێكی ئیزیدی ئه‌وه‌ش به‌هیچ شێوه‌یه‌ك قبوڵناكرێت ”
شه‌مۆ قاسم باس له نموونه‌یه‌كی ئه‌و ژنانه ده‌كات كه دووگیان بوون له داعش وتی” پێش ماوه‌یه‌ك كچێك له ژێر ده‌ستی داعش رزگاركرا ئه‌وكات دوو گیان بۆ به چه‌كدارێكی داعش ، ئێمه‌ش قسه‌مان له‌گه‌ل ئه‌و كچه كرد كه منداڵه‌كه‌ی خۆی له‌به‌ر خۆی ببات به‌شێوه‌یه‌كی ته‌ندروستی ، وەڵامی ئه‌و كچه‌یه تۆشی شوك كردم وتی” ئه‌و منداڵه‌ی له زكی من دایه هێ كێ بێت ده‌بێت بێته سه‌ردونیا و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌به‌ر خۆم نابم، دواى ماوه‌یه‌ك كچه‌كه له كوردستان نه‌ما و ئێستا له ده‌ره‌وه ده‌ژیت” .
شه‌مۆ وتیشی ” به‌شێك له‌و منداڵانه‌ی كه دایك ئێزیدی و باوك داعش له رۆژئاوای كوردستان نه‌ماون و ئێستا له وڵاته ئه‌وروپیه‌كان لەگەڵ كه‌س و كاری چه‌كداره داعشه‌كان ده‌ژین ، ته‌نها ئه‌وه ماوه‌ن كه باوكیان له شه‌ڕدا كوژراوه یان ئه‌و ژن و كچانه‌ی ئێزیدی كه ده‌ستبه‌رداری منداڵه‌كانی خۆیان نابن”
شه‌مۆ ئه‌وه‌شی نه‌شارده‌وه ” ئه‌گه‌ر ئه‌م پرسه‌یه چاره‌سه‌ریش بكرێت باوه‌رناكه‌م هه‌موو رفێنراوانی ئێزیدی رزگاربكرێن چونكه ئه‌وانه‌ی نیازی رزگاركردنیان هەبووە گەڕاونەتەوە ، به‌ڵام كۆمه‌ڵێك ژن و كچی ئێزیدی كه هه‌ندێكیان دوو منداڵ یان هه‌یه له داعش ده‌ستبه‌رداری منداڵه‌كانی خۆیان نابن هه‌ر بوویه نایانه‌وێت بگه‌رێنه‌و شنگال و هه‌رێمی كوردستان” .
له‌باره‌ی چاره‌سه‌ری ئه‌م بابه‌ته شه‌مۆ قاسم ووتی “چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه حوكمه‌تی عیراق ئه‌و منداڵانه وەربگریت و سه‌نته‌رێكی تایبه‌ت یان بۆ بكاته‌وه ، دواتر هه‌ركه‌سێك بیه‌وێت یه‌كێك له‌و منداڵانه بۆ خۆی ببات به‌تایبه‌ت ئه‌و خێزانانه‌ی هیچ منداڵیان نیه، يان ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه بكرێن و له‌لایه‌ن یوئێنه‌وه سه‌رپه‌رشتی بكرێن و به‌خێو بكرێن “.
ئەم راپۆرتە لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی رێکخراوی ئینتەرنیوز بۆ راهێنانی رۆژنامەنوسان سەبارەت بە نوسین و ئامادەکردنی راپۆرتی هەستیاریی جێندەریی لە عێراقدا، ئامادەکراوە.